خۆکوشتن و کوژرانی ٣٧ هاووڵاتی لە خاکەلێوەدا
هەنگاو: لە یەک مانگدا، ٢٠ هاووڵاتیی کورد خۆیان کوشتووە و ١٧ کەسیش کوژراون.
هەنگاو: لە یەک مانگدا، ٢٠ هاووڵاتیی کورد خۆیان کوشتووە و ١٧ کەسیش کوژراون.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”ەوە تۆمار کراون، لە مانگی خاکەلێوەی ٢٧١٨ کوردیدا، ٣٧ هاووڵاتیی کورد خۆیان کوشتووە و یان بە ئەنقەست کوژراون. ئەم ئامارە بە بەروارد لەگەڵ ماوەی هاوشێوە، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
خۆکوژی
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری “هەنگاو”، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، ١١ پیاو و ٩ ژنی کورد لە کوردستان، خۆیان کوشتووە.
ئامارەکان دەری دەخەن، لە خاکەلێوەدا ١٣ کەس لە پارێزگای ئورمیە خۆیان کوشتووە کە ٥ کەسیان خەڵکی مەهاباد بوون.
لە پارێزگای سنە، تەنیا لە شاری مەریوان خۆکوژی تۆمار کراوە کە ٣ کەس بوون.
لە پارێزگای ئیلامدا ٢ هاووڵاتی و لە هەریەک لە پارێزگاکانی کرماشان و لوڕستانیش ١ کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ٢٠ حاڵەتی خۆکوژی لە مانگی یەکەمی ساڵدا، ١٦ کەس لەڕێگای خۆهەڵواسینەوە و ٤ کەسی دیکەش لە ڕێگای جۆراوجۆری خۆسووتاندن، چەک، خۆخنکاندن بە گاز و خۆبەردانەوە لە بەرزایی خۆیان کوشتووە.
هەروەها هۆکاری خوکوژیی ١١ کەسیان بۆ کێشەی بنەماڵەیی، ٦ کەسیان هەژاری و ١ کەس بەهۆی تووشبوون بە شێرپەنجە گەڕێندراوەتەوە. هۆکاری خوکوژیی ٢ کەسی دیکە بۆ “هەنگاو” ڕوون نەبووەتەوە.
کوشتن (قەتڵ)
ئامارە تۆمارکراوەکانی “هەنگاو” باس لە کوژرانی ١٧ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی مانگی ڕابردوودا دەکەن. لەو ماوەیەدا ١١ پیاو و ٦ ژن کوژراون.
بەپێی ئامارەکان، ٦ کەس لە ئورمیە، ٥ کەس لە سنە، ٣ هاووڵاتیی لە کرماشان، ٢هاووڵاتی لە ئیلام و هەروەها هاووڵاتییەکی کورد لە خۆراسانی باکوور کوژراون.
کەڵوەرگرتن لەو ئامارانە، بە ئاماژەدان بە سەرچاوە (هەنگاو) ڕێگەپێدراوە.