ناسنامەی یەکێکی دیکە لە ژنانی دەستبەسەرکراوی نەورۆزی سنە ئاشکرا بوو
هەنگاو: دوای یەک حەوتوو لە دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد لە دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز ناسنامەی یە
هەنگاو: دوای یەک حەوتوو لە دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد لە دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز ناسنامەی یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوان بۆ هەنگاو ئاشکرا بوو.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (٢٦ی مارسی ٢٠٢٢) یەکێک لەو ژنانەی لە نەورۆزی سنە دەستبەسەر کراوە بە ناوی مەستوورە مستەفا موبارەک تەمەن ٤٥ ساڵ دوای ٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرکران گوازراوەتەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ئەم شارە.
مەستوورە مستەفا موبارەک ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوە (٢١ی مارس) دوای کۆتایی ڕێوڕەسمی نەورۆزی لە پارکی منداڵانی شاری سنە دەستبەسەر کراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە دوای ئەوەی سوار ئۆتۆمبێلێکی ئاسایی بووە لەلایەن شۆفێرەکانەوە ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کراوە.
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارکی منداڵی شاری سنە هێزە ئەمنییەکان کە جلی کوردییان لەبەر کردووە بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی داوایان لە خەڵکەکە کردووە کە بیانگەیەننەوە و ئەوانەی کە سوار بوون ڕاست براونەتە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.
هەمان ڕۆژی یەکەم دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان، هەنگاو ڕایگەیاند کە ٨ ژن دەستبەسەر کراون و تا ئێستا ناسنامەی ٤ ژن بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە کە سێ کەسیان بە دانانی بارمتە و دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامە ئازاد کران.