ڕاپۆرتێک لە سەر چارەنووسی دەستبەسەرکراوانی نەورۆزی کوردستان

هەنگاو: دوای تێپەڕینی ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد بە هۆی بەشداربوونیان لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز ١٤ کەسیان هێشتا دەستبە

٩ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١١:٣٢

 

هەنگاو: دوای تێپەڕینی ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد بە هۆی بەشداربوونیان لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز ١٤ کەسیان هێشتا دەستبەسەر و ناسنامەی بەشێک لە دەستبەسەرکراوانیش ئاشکرا نەبووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز کوردستان زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی ٣١ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە. لەو ژمارەیە ١٧ کەسیان ئازاد بوون و ١٤ کەسیان هێشتا دەستبەسەرن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ڕۆژی سێشەممە ٩ی خاکەلێوە، سوهراب جەلالی و جەماڵ ئەسەدی و دوێنێش هەر یەک لە عابید خورشیدی، کەیوان زەند کەریمی و فەردین پەیمانکار بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کراون.

هەنگاو زانیویەتی کە ئومێد حوسێنی تەمەن ١٦ ساڵ کە ڕۆژی یەکەمی نەورۆز لە سنە دەستبەسەر کرابوو دوای دوو ڕۆژ بەندکران و دوای ئەوەی بە نووسراوە بەڵێننامەی لێ وەرگیراوە، ئازاد کراوە. هەروەها بەهمەن چێشتە و بورهان درەخشانی دوای یەک ڕۆژ بەندکران ئازاد کراون.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە ١٤ کەس لە دەستبەسەرکراوەکان بە ناوەکانی مەستوورە مستەفا موبارەک، ئومێد شێخی، فواد عەنایەتی، سەهەند بەرزەنجی، کەیوان مەحموودی، ئارەش شەکیبا، خالید حوسێنی، جەمشید فەر ڕەی، کەیهان کاکەخانی، ئارەش فەداکار، ئارمان سەلیمی، سامان میرەکی، ساسان پاداش و ئەحمەد ڕەسووڵی هێشتا دەستبەسەرن و ئازاد نەکراون.

ژمارەی دەستبەسەرکراوەکان زیاترە لە ٥٠ کەس، بەڵام هەتا ئێستا ناسنامەی ٣١ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

زۆربەی ئەم کەسانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە بەکارهێنانی جامانە و گوڵی سوور لە ڕێوڕەسمی نەورۆز تۆمەتبار کراون. کۆتایی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو سوپای پاسداران بڕیارنامەیەکی دەرکردبوو و ڕایگەیاندبوو کە جامانە و گوڵی سوور هێمای حیزبە کوردستانییەکانن و بەکارهێنانیان لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز قەدەغەیە.

لە نێو ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەڵماس هەن کە هێزە ئەمنییەکان دوای ئەوەی بەڵێننامەیان پێیان پڕ کردووەتەوە، قژی ئەوانیان تاشیوە و پاشان ئازاد کراون.


ناسنامەی ئەو ٣١ کەسەی کە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە بە شێوەی خوارەوەیە؛

سنە

١_ ئاریانا سەلیمی ٢_ بەتوول ئەعزەمی، ٣_جەماڵ ئەسەدی ٤_ سوهراب جەلالی ٥_ فواد عەنایەتی ٦_ ئومێد حوسێنی، ٧_ ئازاد مەحموودیان ٨_ کەیوان زەند کەریمی ٩_سەهەند بەرزەنجی ١٠_ کەیوان مەحموودی ١١_ئارەش شەکیبا ١٢_خالید حوسێنی ١٣_ جەمشید فەر ڕەی ١٤_فەردین پەیمانکار ١٥_کەیهان کاکەخانی ١٦_ئارەش فەداکار ١٧_ئارمان سەلیمی ١٨_ئومێد شێخی ١٩_ عابید خورشیدی ٢٠_سامان میرەکی ٢١_ بەهرام بەهرامی ٢٢_تاهیرە شمشەکی ٢٣_ عادڵ نادری ٢٤_ مەستوورە مستەفا موبارەک

پیرانشار
١_بەهمەن چێشتە ٢_ ساسان پاداش ٣_ ئەحمەد ڕەسووڵی

سەڵماس
١_ ئەمیر ئەحمەدلوو ٢_ محەممەد خان محەممەدلوو ٣_ ئەحمەد خان محەممەدلوو

مەریوان
١_ بورهان درەخشانی
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە