دەستبەسەر کرانی ٣٧ هاووڵاتیی کورد لە مارسی ٢٠٢٢ دا

هەنگاو: لە مانگی ڕابردووی زایینیدا دەستبەسەر کرانی لانی کەم ٣٧ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تۆمار کراوە.

١٣ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١٧:٥٦

 

هەنگاو: لە مانگی ڕابردووی زایینیدا دەستبەسەر کرانی لانی کەم ٣٧ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تۆمار کراوە. ئەم ڕێژەیە بە بەراورد مانگی فێبریوەری ١٩٪ (٦ حاڵەت) بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مارسی ٢٠٢٢، لانی کەم دەستبەسەر کرانی ٣٧ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تۆمار کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٤ هاووڵاتی بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری حیزبە کوردستانییەکان، ٣١ هاووڵاتی بە هۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز، ١ هاووڵاتی بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی و کاسبکارێکیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

مانگی ڕابردوو لانی کەم ٦ چالاکی ژن و ٤ مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە کوردستان دەستبەسەر کراون و یەک کەس لەوانەش کە دەستبەسەر کراون بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەیان ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.

زیاترین ڕێژەی دەستبەسەر کرانەکان کە ٣١ حاڵەت بووە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بووە.هەروەها زۆربەی دەستبەسەرکراوەکان کە ٢٨ حاڵەت بووە لە شەقامەکان دەستبەسەر کراون.

جیاکردنەوە بە پێی تۆمەتەکان
چالاکی سیاسی: ٤ حاڵەت کە دەکاتە ١١٪ی کۆی حاڵەتەکان.
چالاکی مەدەنی و پیشەیی: ١ حاڵەت کە دەکاتە ٢.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.
کاسبکار: ١ حاڵەت کە دەکاتە ٢.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.
بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز: ٣١ حاڵەت کە دەکاتە ٨٤٪ی کۆی حاڵەتەکان.

جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان
پارێزگای کرماشان: ١ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە: ٩ حاڵەت
پارێزگای سنە: ٢٧ حاڵەت

ئەو ناوەندەی کە هاووڵاتییانی دەستبەسەر کردووە
ئیتلاعاتی سوپا: ٤ حاڵەت
ئیدارەی ئیتلاعات: ٣١ حاڵەت
جێبەجێ کردنی سزاکان: ١ حاڵەت
نادیار: ٢ حاڵەت
هێزی ئینتزامی: ١ حاڵەت

شوێنی دەستبەسەر کران
ئیتلاعاتی سوپا: ٤ حاڵەت
شەقام: ٢٨ حاڵەت
دادگا: ١ حاڵەت
ئیدارەی ئیتلاعات: ١ حاڵەت
سەر سنوور: ٢ حاڵەت
نادیار: ٢ حاڵەت
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە