تەقینەوەی مین لە کوردستان لەماوەی ٦ مانگدا ٣٣ قوربانی هەبووە
هەنگاو: دوای زیاتر لە سێ دەیە لە کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق، لەماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا بە هۆی تەقینەوەی مین ٣٣ کەس بوون بەقوربانی و بە
هەنگاو: دوای زیاتر لە سێ دەیە لە کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق، لەماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا بە هۆی تەقینەوەی مین ٣٣ کەس بوون بەقوربانی و بە شێوەیەکی نێونجی هەر دوو حەفتە سێ کەس بوون بە قربانی.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی یەکشەممە (٢٠ی ڕەشەممە / ١١ مارس)، بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکانی شاری دێلوڕانی پاێزگای ئیلام، شۆفێری تراکتۆرێک بریندار بوو و بە مەبەستی چارەسەری ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کراوە.
بە ئەژمار کردنی ئەم حاڵەتە و بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، تەنیا لەماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا واتە لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵەوە ٣٣ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی پاشماوەی شەڕی ئێران و عێراق بوون بە قوربانی.
لەو ژمارەیە ٩ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ٢٤ کەسیش بریندار بوون.
بە پشتبەستن بەم ڕاپۆرتە، لەماوەی ئەو شەش مانگەدا، ١٠ کەس لە پارێزگای ئیلام، ٨ کەس لەپاێزگای سنە، ٦ کەس لە پارێزگای کرماشان، ٦ کەس لە پارێزگای ئورمیە و ٣ کەسیش لە پارێزگای لوڕستان بوون بە قوربانی.
کۆڵبەران و کرێکاران بە ١٣ حاڵەت زیاترین ژمارەی قوربانیانیان هەبووە. هەروەها لەو ماوەیەدا ٧ مین هەڵگەر، ٧ هێزی سەربازی ئێران و ٦ هاووڵاتیی مەدەنیش قوربانی بوون.
بە پێی ڕاپۆرتەکە شاری پیرانشار بە ٦ حاڵەت و شارەکانی دێهلوڕان، مێهران و بانە هەر کامەیان بە ٥ حاڵەت زیاترین حاڵەتی قوربانیانی مینیان تێدا تۆمار کراوە.