سێ کەس لە جوانڕۆ، سنە و ئورمیە دەستبەسەر کران
هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو سێ هاووڵاتی کوردیان لە شارەکانی جوانرۆ، ئورمیە و سنە دەستبەسەر کردووە.
هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو سێ هاووڵاتی کوردیان لە شارەکانی جوانرۆ، ئورمیە و سنە دەستبەسەر کردووە.
بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو”، ڕۆژی سێشەممە (٦ی خەرمانان ٢٧١٨/ ٢٩ی ئاگۆستی ٢٠١٨)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە هێرشیان کردووەتە سەر چالاکێکی مەدەنی بە ناوی (مەنووچێهر کەڵەشی پوور) و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتیە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران و پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەستبەسەر کراوە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە (٥ی خەرمانان ٢٧١٨/ ٢٨ی ئاگۆستی ٢٠١٨) چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی سنە بە ناوی ئارام یوسفی لەلایەن هێزەئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.
هێزە ئەمنیەتیەکانی ئێران لە کاتی دەستبەسەر کردنی ناوبراو، نێو ماڵەکەیشیان پشکنیوە و کەل و پەلی تایبەتی ئارامیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە (٨ی خەرمانان/ ٣٠ ئاگۆست) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی جوانڕۆ، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاوڵاتیەکی کورد و کەسێکیان بەناوی لەتیف ئەحمەدی بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ حیزبە کوردستانییەکان دەستبەسەر کردووە.
هیچ زانیاریەک لەسەر چارەنووسی ئەو سی کەسە و هەروەها شوێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نیە.