مەستوورە مستەفایی موبارەکە لە دەستبەسەرکراوانی نەورۆزی سنە هێشتا دەستبەسەرە

هەنگاو: دوای سێ حەوتوو لە دەستبەسەرکرانی ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵی خەڵکی سنە دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەو شارە،

١٩ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ٢٣:٢٧

 

هەنگاو: دوای سێ حەوتوو لە دەستبەسەرکرانی ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵی خەڵکی سنە دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەو شارە، ناوبراو هێشتا دەستبەسەرە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەڕینی سێ هەفتە لە دەستبەسەرکرانی مەستوورە مستەفایی موبارەکە یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی نەورۆزی سنە، ناوبراو هێشتا لە بەندی گشتی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ئەو شارە ڕاگیراوە.

هەنگاو زانیویەتی کە مەستوورە مستەفایی موبارەکە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکومەت تۆمەتبار کراوە.

مەستوورە مستەفایی موبارەکە تەمەن ٤٥ ساڵ ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوە (٢١ی مارس) دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارکی منداڵی ئەو شارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارکی منداڵی شاری سنە هێزە ئەمنییەکان کە جلی کوردییان لەبەر کردووە بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی داوایان لە خەڵکەکە کردووە کە بیانگەیەننەوە و ئەوانەی کە سوار بوون ڕاست براونەتە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی ٣٣ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە و ٩ کەسیان هێشتا دەستبەسەرن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە