١٣ کەس لە دەستبەسەرکراوانی زستانی ٢٧٢٠ لە ئورمیە دادگایی کران

هەنگاو: دانیشتنی دادگای لانی کەم ١٣ کەس لە دەستبەسەرکراوانی زستانی ٢٧٢٠ کە خەڵکی شارەکانی ڕەبەت، بۆکان و مەهاباد بوون لە یەکێک لە لقەکانی دادگای

٢٣ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١٨:٥٣

 

هەنگاو: دانیشتنی دادگای لانی کەم ١٣ کەس لە دەستبەسەرکراوانی زستانی ٢٧٢٠ کە خەڵکی شارەکانی ڕەبەت، بۆکان و مەهاباد بوون لە یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی ئورمیە بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (١٢ی ئەپریلی ٢٠٢٢)، دانیشتنی دادگا بە مەبەستی تاوتوێ کردنی ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ١٣ کەس لە دەستبەسەرکراوانی زستانی ٢٧٢٠ لە شارەکانی کوردستان، لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر مەسعوود ڕەجەبی بەڕێوەچووە.

هەنگاو ئاگادار بووە کە هەر یەک لە عەزیمە ناسری، حوسێن گەردشی و ئەمیر عەبدوڵڵایی خەڵکی بۆکان، بەهمەن یووسف زاد، فەرەیدوون مووساپوور و فەرهاد مووساپوور خەڵکی ڕەبەت و سۆران حوسێن زادە، ئیمان عەبدی، سیروان نووری، ئەفشین مام ئەحمەدی، شەپۆل خزری، سیاوەش عەینی و کەیوان ئەندار خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) لەم لقەی دادگای شۆڕشی ئورمیە دادگایی کراون.

ئەم ١٣ هاووڵاتییە هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد لە زستانی ٢٧٢٠ (٢٠٢١) دەستبەسەر و دواتر بە بارمتە و هەتا کۆتایی پرۆسەی پێ ڕاگەیشتن بە دۆسیەکەیان ئازاد کرابوو.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەو شەپۆلەی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لانی کەم ١١٨ هاووڵاتی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە