محەممەد حاجی ڕەسووڵ پوور دوای تەواوبوونی سزاکەی ئازاد کرا

٢٤ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١٤:٤٧

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی بۆکان دوای تەواوبوونی ماوەی سزای بەندکرانەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (١٣ی ئەپریلی ٢٠٢٢)، محەممەد حاجی ڕەسووڵ پوور، بەندکراوی سیاسی خەڵکی بۆکان دوای تەواوبوونی ماوەی سزای پێنج مانگ بەندکرانەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

محەممەد حاجی ڕەسووڵ پوور ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (١٩ی ژانویەی ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شوێنی کارەکەی (کابینیت سازی) دەستبەسەر و دوای سێ حەوتوو بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو دواجار لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە سەرۆکایەتی دادوەر پەیمان ڕۆستەمی بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی حکومەت لە ڕێگای لایەنگری لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» سزای پێنج مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

محەممەد حاجی ڕەسووڵ پوور ڕۆژی پێنج شەممە ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٩ی دیسەمبەری ٢٠٢١) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان کرا.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی محەممەد حاجی ڕەسووڵ پوور دەستیان بەسەر مۆبایل، کۆمپیوتەر و کامێرای شوێنی کارەکەیدا گرتبوو.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە