بەندیخانەی ماکۆ؛ بەندکراوێک ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا
هەنگاو: بەندکراوێکی خەڵکی ماکۆ کە لە بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگیرابوو، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونی دۆسیەکەی ئاگری لە جەستەی خۆی ب
هەنگاو: بەندکراوێکی خەڵکی ماکۆ کە لە بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگیرابوو، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونی دۆسیەکەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و باری تەندروستی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە هەنگاو گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (١٣ی ئەپریلی ٢٠٢٢) بەندکراوێک بە ناوی محەممەد درەفشی تەمەن ٣٨ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ماکۆ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ٨ ساڵ ناڕوونی دۆسیەکەی لە بەندیخانە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.
هەنگاو زانیویەتی کە محەممەد درەفشی دوای ئەوەیکە یەک هەفتە مانی لە خواردن گرت و لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە وەڵامی داواکارییەکانی نەدراوەتەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی درەفشی لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: محەممەد درەفشی دوای ئەوەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە بە هۆی ناجێگیر بوونی باری تەندروستی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی شاری ئورمیە و تا ئێستا لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە.»
محەممەد درەفشی تەمەن ٣٨ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «مەلا حەسەن» سەر بە شاری ماکۆیە. ناوبراو ٨ ساڵ پێش لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ دوو کەسی دیکە کە برای یەکن بە ناوەکانی فەرزەندە و سدیق شەمس، بە تۆمەتی قاچاخی مرۆڤ دەستبەسەر و لەو کاتەوە بە بێ یەکلایی کردنەوەی دۆسیەکەیان لەلایەن دادگاوە بێ مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەی ناوەندی ماکۆ بەندکراون.