دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان

هەنگاو: لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

٢٧ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١٧:٤٢

 

هەنگاو: لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ (١٦ی ئەپریلی ٢٠٢٢) ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان هاووڵاتییەکیان بە ناوی خالید حاجی ڕەسووڵ پوور دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، خالید حاجی ڕەسووڵ پوور لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کراوە و هێزە ئەمنییەکان دواتر ڕژانەتە ناو ماڵەکەی و ماڵەکەشیان پشکنیوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوی محەممەد فەتحوڵڵایی بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان کاتژمێر ٣ی بەرەبەیان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و دەستبەسەریان کردووە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە بەر دەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە