بانگ کردنی بنەماڵەی محەممەد درەفشی و بێبەشکرانی لە خزمەتگوزاری پزیشکی دوای خۆسووتاندنی

هەنگاو: دوابەدوای خۆسووتاندنی بەندکراوێک لە بەندیخانەی ماکۆ و میدیایی کردنەوەی ئەو هەواڵە لەلایەن هەنگاوەوە، کەماڵ درەفشی باوکی ئەو بەندکراوە لە

٢٨ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١١:٤٤

 

هەنگاو: دوابەدوای خۆسووتاندنی بەندکراوێک لە بەندیخانەی ماکۆ و میدیایی کردنەوەی ئەو هەواڵە لەلایەن هەنگاوەوە، کەماڵ درەفشی باوکی ئەو بەندکراوە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگ کراوە و هەڕەشەی لێکراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (١٦ی ئەپریلی ٢٠٢٢)، محەممەد درەفشی بەندکراوی تەمەن ٣٨ ساڵی خەڵکی ماکۆ کە هەفتەی ڕابردوو بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو و بە هۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستی بۆ نەخۆشخانەی خومەینی ئورمیە گوازرابووەوە، سەرلەنوێ گەڕێنراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ماکۆ.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی درەفشی لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: «بنەماڵەی درەفشی هەتا ئێستا نەیانتوانیوە کە چاویان بە محەممەد بکەوێت و ڕۆژی ڕابردوو بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین چوونەتە بەر بەندیخانەی ماکۆ و سەرباری داواکاری بنەماڵەکە بەرپرسی بەندیخانە ئیزنی نەداوە کە بیبینن و وتوویە کە لە بێهداری بەندیخانە چارەسەری پێویستی بۆ دەکرێت و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بنەماڵەی درەفشی بە نیسبەت باری تەندروستی ڕۆڵەکەیانەوە بە پەرۆش بن».

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: «کەماڵ درەفشی باوکی محەممەد ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن ئیتلاعاتی ماکۆوە بانگ کراوە و وێڕای لێپرسینەوە هەڕەشەیان لێکردووە کە نابێت لەگەڵ هیچ میدیایەک قسە بکات و دەبێت ئەوەی ئەم هەواڵەی میدیایی کردووەتەوە پێیان بناسێنێت.»

محەممەد درەفشی ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی پێشوو دوای یەک حەفتە مانگرتن لە خواردن بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە یەکلایی نەبوونی دۆسیەکەی پاش ٨ ساڵ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

محەممەد درەفشی تەمەن ٣٨ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «مەلا حەسەن» سەر بە شاری ماکۆیە. ناوبراو ٨ ساڵ پێش لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ دوو کەسی دیکە کە برای یەکن بە ناوەکانی فەرزەندە و سدیق شەمس، بە تۆمەتی قاچاخی مرۆڤ دەستبەسەر و لەو کاتەوە بە بێ یەکلایی کردنەوەی دۆسیەکەیان لەلایەن دادگاوە بێ مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەی ناوەندی ماکۆ بەندکراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە