ناڕوونی چارەنووسی کەیومەرس لەتیفی مامۆستای زمانی کورد

هەنگاو: سەرەڕای ئەوەی کە کەیومەرس لەتیفی دوو هەفتەیە لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئە

٢ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ١٧:٤١

 

هەنگاو: سەرەڕای ئەوەی کە کەیومەرس لەتیفی دوو هەفتەیە لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گوازراوەتەوە، چارەنووسی نادیارە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی دوو هەفتە لە گوازرانەوەی کەیومەرس لەتیفی، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی سنە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئەو شارە و سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، چارەنووسی نادیارە و هەر ئەمەش دڵ نیگەرانی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.

کەیومەرس لەتیفی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خاکەلێوە (١٠ی ئەپریل) بە شێوەیەکی لەناکاو لە بەندی سیاسی بەندیخانەی سنەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گوازراوەتەوە و لەو کاتەوە هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەگرتووە.

کەیومەرس لەتیفی تەمەن ٤١ ساڵ، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (١٥ی فێبریوەری ٢٠٢٢ (دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە گوازرایەوە. ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ دوای یەک مانگ بەندکران و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرابووەوە.

جێگای ئاماژەیە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەمان ڕۆژ کە کەیومەرس لەتیفییان بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کردووە، ماڵەکەیان پشکنیوە و هەروەها ماڵی خوشکەکەمیان پشکنیوە و بەهۆی هەڵسوکەوتی نالەبار ئارەزوو لەتیفی خوشکی ناوبراو لە هۆش چووە.

کەیومەرس لەتیفی یەکێک لە چالاکانی مەدەنی ناسراوی شاری سنەیە کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەردەوام هەوڵی داوە بە کردنەوەی خولی زمانی کوردی، لاوان فێری زمانی کوردی بکات و هەروەها یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی مەولەوی کوردی شاری سنە بووە.

ناوبراو لە ماوەی ئەو ساڵانەش کە لە بەندیخانە بووە خولی فێربوونی زمانی کوردی کردووەتەوە و چەندین بەندکراوی فێری خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی خۆیان کردووە.

ناوبراو هاوینی ساڵی ٢٧١٩ (٢٠١٩) جارێکی دیکەش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای سنە دەستبەسەر کرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە