سویس؛ چالاکێکی سیاسی کورد مەترسیی دیپۆرتکرانەوەی لەسەرە

هەنگاو: چالاکێکی سیاسی خەڵکی مەهاباد کە لە ساڵی ٢٠١٩ی زایینییەوە وەکوو پەنابەر ڕووی لە وڵاتی سویس کردووە، داوای پەنابەرییەکەی ڕەدکراوەتەوە

٢ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ٢١:١٦

 

هەنگاو: چالاکێکی سیاسی خەڵکی مەهاباد کە لە ساڵی ٢٠١٩ی زایینییەوە وەکوو پەنابەر ڕووی لە وڵاتی سویس کردووە، داوای پەنابەرییەکەی ڕەدکراوەتەوە و مەترسیی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێرانی لەسەرە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چالاکێکی سیاسی خەڵکی مەهاباد بە ناوی سەردار خزری تەمەن ٣٤ ساڵ هاوڕێ لەگەڵ ژن و دوو منداڵەکەی براونەتە کەمپێکی تایبەت بەو پەنابەرانەی کە دیپۆرت دەکرێنەوە و مەترسیی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێرانیان لە سەرە.

بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی کە دەستی هەنگاو کەوتووە، دادگای فیدراڵی سویس ڕایگەیاندووە کە سەردار خزری بڕیاری دەرکرانی لە سویس بۆ دەرکراوە و ئێستا بە شێوەیەکی نایاسایی لەو وڵاتە دەژیت و بەمەبەستی دیپۆرتکرانەوەی بۆ ئێران پێویستە هاوکاری ناوەندە پەیوەندیدارەکان بکات.

جێگای ئاماژەیە کە سەردار خزری لە ئەندامانی چالاکی ڕێکخستنی حیزبی دێموکراتی کوردستان) حدک) و هەم لە زێدەکەی خۆی و هەمیش لە ماوەی ئەو ساڵانەدا کە لە ئەورووپا بووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاک بووە.

بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی سەردار خزری هەم لە زێدی خۆی و هەم لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە لە ئەورووپا بووە چالاکیی سیاسیی هەبووە و لە زۆربەی ناڕەزایی دەربڕینەکانی دژ بە پێشێل کرانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بەشدار بووە، لە ئەگەری دیپۆرت کردنەوەی ناوبراو گیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.

بەم پێیە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاوکات لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانی بەرامبەر بە ئەگەر دیپۆرت کرانی سەردار خزری و بنەماڵەکەی، داوا لە سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات هەموو هەوڵی خۆیان بۆ ڕێگری کردن لە دیپۆرت کرانەوەی ئەم چالاکە سیاسییە بخەنە گەڕ.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە