سنووری نەوسوود؛ لە ڕۆژێکدا ٧ کۆڵبەر بریندار بوون

٣ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ٢٣:٢٤

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژێکدا لانی کەم ٧ کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی کامێران و جوانڕۆ لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بریندار بوون کە سێ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان پێکراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ (٢١ی ئەپریلی ٢٠٢٢ )، سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی دانا ڕەحمەتی خەڵکی جوانڕۆ و فەرەیدوون یووزی و ڕەمەزان سابیری خەڵکی کامێران لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون.

هەروەها سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی محەممەد فەخری خەڵکی جوانڕۆ، و دارا یووزی و هۆشەنگ کەریمی خەڵکی کامێران لە کاتێکدا لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە ڕاونراون و ویستوویانە کە دەرباز بن بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرەوە بە سەختی بریندار بوون و دەست و لاقیان شکاوە.

هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی عابید شەجەریان لە کاتی هەڵاتن چووەتە سەر تەلی دڕکدار و دەستی ١٨ تەقەڵی خواردووە.

جێگای باسە کە ڕەمەزان سابیری چاوی پێکراوە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی تاران گوازراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە