باری تەندروستی بێهنام مووسیوەند لە حەوتەمین ڕۆژی مانگرتنیدا ناجێگیرە

باری جەستەیی بێهنام مووسیوەند بەندکراوی سیاسی خەڵکی کۆیەشتی لوڕستان لە حەوتەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی لە بەندیخانەی .

٥ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ١٣:٤١

 

هەنگاو: دووشەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٢


باری جەستەیی بێهنام مووسیوەند بەندکراوی سیاسی خەڵکی کۆیەشتی لوڕستان لە حەوتەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.


بێهنام مووسیوەند ڕۆژی سێشەممە ٣٠ خاکەلێوە بە هۆی ملنەدان بە لێدانی دەستبەن و پاوەن لە کاتی ناردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج درایە بەر لێدان و ئەشکەنجە و لەو کاتەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە بارودۆخی خراپی بەندیخانە مانی لە خواردن گرتووە.

هەنگاو زانیویەتی بێهنام مووسیوەند لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوو، تەنیا ئاوی خواردووە و ڕایگەیاندووە تا جێبەجێکرانی داخوازییەکانی، لە مانگرتن بەردەوام دەبێت.

تۆمارێکی دەنگی لە بێهنام موسیوەند بڵاو بووەتەوە کە دەڵێت تەنیا کەرەستەی بەرخۆدانی من جەستەمە، ئەم مانگرتنە بۆ داخوازی ئازادبوون، مەرەخەسی یا دەرمان نییە، تەنیا بۆ ئەوەیە لەسەر ئەو قسانەی لەسەر بەرخۆدان کردوومە پابەند بم.

ئەم بەندکراوە سیاسی لە کۆتایی قسەکانیدا بە زمانی کوردی دەڵێت بەرخۆدان ژیانە.

بێهنام مووسیوەند تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری کۆیەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان، ڕۆژی پێنج شەممە ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧١٧ (١ی فێوریەی ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری تاران دەستبەسەر و بۆ بەندی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠١٩ی بەندیخانەی ئێڤین گوازرایەوە و دوای ٤٠ ڕۆژ بەندکران ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەممە (١٨ی مارس) بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.


ئەم چالاکە کوردە دواجار مانگی خەرمانانی ٢٧١٩ (سێپتەمبەری ٢٠١٩) لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر محەممەد مەقیسە بە تۆمەتی «کۆبوونەوە بە مەبەستی هەوڵدان دژ بە ئاسایشی وڵات» سزای ٥ ساڵ و بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی حکومەت» سزای یەک ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا و ئەم سزایە لەلایەن لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە. بە پێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، زیاترین سزا واتە سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بێهام موسیوەند جێبەجێ دەکرێت.

بێهنام موسیوەند دواجار ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (١٤ی جوونی ٢٠٢١) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازرایەوە و مانگی خەرمانانی هەمان ساڵ (ئاگۆست) بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج دوور خرایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە