هاووڵاتییەکی کورد لە ئورمیە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی دەورووبەری ئورمیە لەلایەن هێزەکانی سەربە ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

٧ بانەمەڕ ٢٧١٨، ١٣:٠٠

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی دەورووبەری ئورمیە لەلایەن هێزەکانی سەربە ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی "عیسمەت سەلەحشوور" کوڕی خورشید کە خەڵکی گوندی "فەلەکان"ی سەربە ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە بوو، دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری “هەنگاو”ی راگەیاند، ئەو هاووڵاتییە کوردە بەهۆی خۆ بواردن لە داواکاریی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدراران لەمەڕ ئاشکرا کردنی شوێنی مانەوەی هێزە کوردییەکان دەستبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە، هێزەکانی ئیتلاعات داوایان لەو هاووڵاتییە کردووە کە شوێنی مانەوەی هێزی حیزبە کوردییەکان و ئەندامانی نهێنیی ئەو حیزبانە بۆ سوپای پاسداران ئاشکرا بکات.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، کاتێک کە عیسمەت سەلەحشوور بێ ئاگابوونی خۆی لە هەبوونی هێزی حیزبە کوردییەکان لەو ناوچانە راگەیاندووە، دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵە و کەسووکاری عیسمەت سەڵەحشوور هیچ هەواڵێک لە چارەنووس و شوینی دەستبەسەر کرانی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە