ژمارەی دەستبەسەرکراوانی بانە گەیشتە ٧ کەس
هەنگاو: چوارشەممە ٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٢
لە بەرەبەری ١ی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، حەوت چالاکی کرێکاری و مەدەنی ناسراوی شاری بانە بە ناوەکانی حەسەن عێزەتی، نیشتمان ڕەحمەتی، سەعید محەممەدی، عومەر سلێمانی، پەروین عەبدوڵڵاپەنا، فاتێح مەجیدی و ئەفشین ڕەشیدی ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون.
سەرچاوەکانی هەنگاو لە بانە ڕایانگەیاندووە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو بەشێوەی هاوکات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو حەوت چالاکە کوردە و بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەریانیان کردووە.
لەو حەوت کەسە نیشتمان ڕەحمەتی ژنی سەعید محەممەدی هەمان ڕۆژ ئازاد کراوە، بەڵام شەش کەسی دیکە بە ناوەکانی حەسەن عێزەتی، بەرپرسی سەندیکای کرێکارانی بانە، پەروین عەبدوڵڵاپەنا، چالاکی مەدەنی و چالاکی بواری مافەکانی ژنان) ژنی حەسەن عێزەتی)، عومەر سولەیمانی ۵۸ ساڵە چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسی پێشوو و سەعید محەممەدی ٤١ ساڵە، چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسی پێشوو ، ئەفشین ڕەشیدی و فاتێح مەجیدی مامامۆستای قوتابخانەی لەسەرکار لادراو کە پێشتریش ٨ ساڵ لە بەندیخانە بووە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای سنە کراون.
هەنگاو زانیویەتی کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەم حەوت کەسەدا توندوتیژییان بەکار هێناوە و مۆبایلەکانیشیان دەستی بەسەردا گیراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵ ئەم کەسانە لە بەر دەستدا نییە.