نوێنەری هەنگاو لەگەڵ فراکسیۆنی بەرگری و کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی نۆروێژ کۆبوویەوە

کاوە حەسەن پوور، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕۆژی هەینی ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ لە شوێنی کۆبوونەوە فەرمییەکانی

٩ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ١١:٣٧

 

هەنگاو: هەینی ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٢

کاوە حەسەن پوور، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕۆژی هەینی ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ لە شوێنی کۆبوونەوە فەرمییەکانی پەرلەمانی نۆروێژ لەگەڵ نوێنەرانی فراکسیۆنی بەرگری و کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی نۆروێژ کۆبوویەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە شوێنی کۆبوونەوە فەرمییەکانی پەرلەمانی نۆروێژ لە شاری ئۆسلۆ بەڕێوەچوو، هەر یەک لە ئۆسمووند ئاوکرووست، سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبی کار کە گەورەترین حیزبی ئەو وڵاتەیە و هاوکات جێگری فراکسیۆنی بەرگری و کاروباری دەرەوەی وڵاتی نۆروێژ، بۆرن پێدێرسن، ڕاوێژکاری سیاسی پەرلمان و عوسمان کەوکەبی شاد، ئەندامی شوورای شاری هامار بەشدار بوون.

لەو کۆبوونەوەیەدا کاوە حەسەن پوور، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی هەنگاو، هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەگەڵ نەتەوەکانی چوارچێوەی جوگرافیای ئێران هێنایە بەر باس و بە وردی باسی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بەتایبەتی کوردستان کرد و داوای لە نوێنەرانی پەرلەمانی نۆروێژ کرد کە پێویستە بە نیسبەت ئەو پێشێلکارییانە هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرایان هەبێت و بە نیسبەت ئەو ڕادە زۆرەی پێشێلکاری مافی مرۆڤ هۆشداری بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بدەن و گرنگی زیاتر بەو پرسە بدەن.

لە ئۆسمووند ئاوکرووست لەو دانیشتنەدا بەڵێنی ئەوی دا کە باسی ئەو پێشێلکارییانە لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ و هەروەها باڵیۆزی نۆروێژ لە تارانیش لەگەڵ بەرپرسانی حکومیی ئەو وڵاتە بخەنە بەر باس و هەروەها لە گرووپی دۆستایەتی پەرلەمانیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پێکهاتووە لە نوێنەرانی پەرلەمانی وڵاتانی نۆروێژ، قەتەر و ئێران ئەو پرسە بخەنە بەر باس و باسی لە سەر بکەن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا کاوە حەسەن پوور بەشێکی بەرچاو لەو پێشێلکارییانەی کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لە کوردستان تۆمارکراوە و لەلایەن ناوەندی ئاماری هەنگاو ئامادە کرابوو،  بە زمانی نۆروێژی پێشکەش بە نوێنەرانی فراکسیۆنی بەرگری و کاروباری دەرەوەی وڵاتی نۆروێژ کرد.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە