سوعدا خەدیرزادە لە شەشەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە
هەنگاو: یەکشەممە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٢
سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی دووگیان کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە دەستبەسەرە لە کاتێکدا شەشەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنەکەی تێ دەپەڕێنێت ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ دوای ئەوەی کەرەستە تایبەتییەکانی خۆی و هاوڕێکانی پشکێنرا بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
سەرچاوەکانی هەنگاو لە ناو بەندیخانەی ئورمیە ڕایانگەیاند کە کۆتایی شەوی ڕابردوو بەیانی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانە دوو جار چوونەتە ژووری سوعدا خەدیرزادە و کەرەستە تایبەتییەکانی سوعدا و هاوڕێکانیان پشکنیوە و چەند کاتژمێر پێش لەلایەن ئەو هێزانەوە سوعدا خەدیرزادە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
ئەو سەرچاوە وتیشی کە هێزە ئەمنییەکان بێ ڕێزییان بە سوعدا و هاوبەندییەکانی کردووە و بە بیانووی هەبوونی ئامێری مۆبایل شت و مەکەکانیان پشکنیوە.
سوعدا خەدیرزادە ڕۆژی ڕابردوو بە «بەخشی» بەرپرسی بەندیخانەی ئورمیەی وتبوو: هەتا ئەو کاتەی داواکارییەکانم جێبەجێ نەکرێت درێژە بە مانگرتنی خۆم دەدەم تەنانەت ئەگەر تەندروستی خۆم و کۆرپەلەکەم بکەوێتە مەترسییەوە.
سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار کە دووگیانە و کۆرپەلەکەی ٨ مانگانە لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ٧ مانگ ناڕوونی چارەنووسی لە بەندیخانە، مانی لە خواردن گرتووە.
سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١) ١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندی ژنان ڕاگیراوە لە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیان بوون بێبەش کراوە.
هەنگاو چەند ڕۆژ پێش ئێستا تۆمارێکی دەنگی سوعدا خەدیرزادەی بڵاو کردەوە کە، سوعدا خەدیرزادە تێیدا دەڵێت منیان وەک بارمتە لە بەندیخانە ڕاگرتووە و بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ هەڕەشەیان لە من کردووە.