فاتیح مەجیدی چالاکی ناسراوی خەڵکی بانە لە دەرمانەکانی بێبەش کراوە
فاتیح مەجیدی هاووڵاتیی بەساڵاچوو و دەستبەسەرکراوی خەڵکی بانە نەخۆشی دڵی هەیە و دوای دەستبەسەر کرانی لە دەستپێڕاگەیشتن دەرمانەکانی
هەنگاو: دووشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٢
فاتیح مەجیدی هاووڵاتیی بەساڵاچوو و دەستبەسەرکراوی خەڵکی بانە نەخۆشی دڵی هەیە و دوای دەستبەسەر کرانی لە دەستپێڕاگەیشتن دەرمانەکانی بێبەش کراوە و تەندروستیی ناوبراو بەرەوڕووی مەترسی بووەتەوە.
هەنگاو کۆتایی حەوتووی ڕابردوو هەواڵی دەستبەسەر کرانی ٨ چالاکی مەدەنی و کرێکاری خەڵکی بانەی بڵاو کردەوە. فاتیح مەجیدی تەمەن ٦٤ ساڵ یەکێک لەو کەسانەیە کە دوای دەستبەسەر کران بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە گوازراوەتەوە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی مەجیدی لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: «فاتیح مەجیدی نەخۆشی دڵی هەیە و دڵی بە باتری ئیش دەکات و لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕ بووە. بەم حاڵەشەوە لەو ڕۆژەوە کە دەستبەسەر کراوە لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەش کراوە و ئەمەش نیگەرانی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.»
جێگای ئاماژەیە کە فاتیح مەجیدی پێشتر مامۆستای قوتابخانە و فەرمانبەری فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری بانە بووە و دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانیش بۆ ماوەی ٨ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕەجایی شار بەند کراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای ئەوەی بە نیسبەت باری تەندروستی فاتیح مەجیدی نیگەرانە، داواکاری گشتی سنە و ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای سنە بە نیسبەت گیانی ناوبراو بە بەرپرسیار دەزانێت.
فاتیح مەجیدی ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ هاوڕێ لەگەڵ ٧ چالاکی مەدەنی و کرێکاری دیکەی خەڵکی بانە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا کە دوو کەسیان ئازاد کران و ٦ کەسیان هێشتا دەستبەسەرن.