کەرەج؛ هاووڵاتییەکی کورد لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا

لاوێکی خەڵکی کرماشان بە ناوی موحسین عەباسی تەمەن ٣٩ ساڵ کە لەلایەن ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی شاری کەرەج دەستبەسەر و بە سەختی ئەشکەنج

٢٠ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ٢١:٤٩

 

هەنگاو: چوارشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٢

لاوێکی خەڵکی کرماشان بە ناوی موحسین عەباسی تەمەن ٣٩ ساڵ کە لەلایەن ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی شاری کەرەج دەستبەسەر و بە سەختی ئەشکەنجە کرابوو، دوای گوازرانەوەی بۆ بەندیخانەی بوئین زەهرای ئەو شارە بە هۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لە دەست دا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، موحسین عەباسی سەرەتای خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای یەک مانگ ئەشکەنجە کردن بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو ١٥ی بانەمەڕ گوازرابووەوە بۆ بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی بوئین زارای شاری کەرەج.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە موحسین عەباسی لە دەستبەسەرگەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی کەرەج بە سەختی ئەشکەنجە کراوە و ڕۆژی هەینی ١٦ی بانەمەڕ واتە یەک ڕۆژ دوای گوازرانەوەی بۆ بەندیخانە بە هۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لە دەست داوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عەباسی لەو بارەوە بە هەنگاوی وت: «تەرمی موحسین کە ئاسەواری ئەشکەنجە و شین بوونەوە بە جەستەیەوە دیار بووە توێکاری پزیشکی بۆ کراوە و بنەماڵەی عەباسی چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی ڕای پزیشکی داد دەکەن».

تەرمی موحسین حەباسی دوای پێنج ڕۆژ ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی بانەمەڕ ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و لە گوندی «دێ مووسا» سەر بە شارۆچکەی سەرفیروزئاوای کرماشان ئەسپەردەی خاک کراوە.

 


 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە