فاتیح مەجیدی ٩ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە
فاتیح مەجیدی هاووڵاتیی بەساڵاچوو. و دەستبەسەرکراوی خەڵکی بانە کە نەخۆشی دڵیشی هەیە لە ٩ ڕۆژ پێشەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەستبەسەرکرانی
هەنگاو: سێشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٢
فاتیح مەجیدی هاووڵاتیی بەساڵاچوو. و دەستبەسەرکراوی خەڵکی بانە کە نەخۆشی دڵیشی هەیە لە ٩ ڕۆژ پێشەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەستبەسەرکرانی نایاسایی و هەروەها بێبەشکرانی لە دەرمانەکانی، لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە مانی لە خواردن گرتووە.
بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی مەجیدی، فاتیح مەجیدی تەمەن ٦٤ ساڵ لە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بانەمەڕەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەستبەسەرکرانی نایاسایی و هەروەها بێبەشکرانی لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی مانی لە خواردن گرتووە و باری تەندروستی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە درێژەدا وتی: «لە ڕۆژانی ڕابردوودا فاتیح مەجیدی بە هۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستی بە دەست و پێ بەستراوی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی کراوە و دواتر گەڕێندراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات.»
پێشتر یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی مەجیدی لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندبوو: «فاتیح مەجیدی نەخۆشی دڵی هەیە و دڵی بە باتری ئیش دەکات و لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕ بووە. بەم حاڵەشەوە لەو ڕۆژەوە کە دەستبەسەر کراوە لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەش کراوە و ئەمەش نیگەرانی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.»
جێگای ئاماژەیە کە فاتیح مەجیدی پێشتر مامۆستای قوتابخانە و فەرمانبەری فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری بانە بووە و دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانیش بۆ ماوەی ٨ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕەجایی شار بەند کراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای ئەوەی بە نیسبەت باری تەندروستی فاتیح مەجیدی نیگەرانە، داواکاری گشتی سنە و ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای سنە بە نیسبەت گیانی ناوبراو بە بەرپرسیار دەزانێت.
فاتیح مەجیدی ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ هاوڕێ لەگەڵ ٧ چالاکی مەدەنی و کرێکاری دیکەی خەڵکی بانە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا کە سێ کەسیان ئازاد کران و ٥ کەسیان هێشتا دەستبەسەرن.