بەندکراوێکی سیاسی کورد دوای ئازادی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی کرماشان بە ناوی سیاوەش بەهرامی تەمەن ٢٩ ساڵ ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ سێ ڕۆژ دوای ئازادبوونی لە بەندیخانەی پاوە لە ڕێگ
هەنگاو: یەکشەممە ٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٢
بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی کرماشان بە ناوی سیاوەش بەهرامی تەمەن ٢٥ ساڵ ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ سێ ڕۆژ دوای ئازادبوونی لە بەندیخانەی پاوە لە ڕێگای خواردنی حەب کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری خۆکوشتنی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە بەر دەستدا نییە و تەرمەکەی هێشتا لە سارد خانە ڕاگیراوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە بە هەنگاو گەیشتووە، سیاوەش بەهرامی پەیڕەوی ئایینی یارسان و دانیشتووی گەڕەکی دەرە درێژی کرماشان، مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو کاتێک ویستوویەتی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات لە سنووری نەوسوود لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە و هەتا ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ کە ئازاد کراوە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری پاوە بەندکراوە.
جێگای ئاماژەیە کە سیاوەش بەهرامی پێشتر بۆ ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕابووەوە بۆ شاری کرماشان.
هەواڵی دەستبەسەرکرانی سیاوەش بەهرامی و ڕاگیرانی لە بەندیخانەی پاوە هەتا ئێستا میدیایی نەکراوەتەوە.