زانیاری نوێ لە سەر مەرگی گوماناوی سیاوەش بەهرامی بەندکراوی سیاسی کورد
بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی کرماشان بە ناوی سیاوەش بەهرامی تەمەن ٢٥ ساڵ ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ سێ ڕۆژ دوای ئازادبوونی لە بەندیخانەی ناوەندیی پاوە ب
هەنگاو: دووشەممە ٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٢
بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی کرماشان بە ناوی سیاوەش بەهرامی تەمەن ٢٥ ساڵ ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ سێ ڕۆژ دوای ئازادبوونی لە بەندیخانەی ناوەندیی پاوە بە شێوەیەکی گوماناوی لە ماڵی براکەی لە گەڕەکەی دەردرێژی کرماشان گیانی لە دەست دا و بنەماڵەکەی ناوەندە ئەمنییەکان بە هۆکاری مەرگی ناوبراو دەزانن.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی بەهرامی کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت وێڕای ڕەدکردنەوەی هەواڵی خۆکوشتنی سیاوەش لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: «سیاوەش کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ لە کاتێکدا هیچ جۆرە نەخۆشی و هەروەها ئازارێکی نەبووە لە ناکاو گیانی لە دەست داوە و دوای یەک کاتژمێر تەرمەکەی شین بووەتەوە».
سێ شایەتحاڵ کە تەرمی سیاوەش بەهرامییان بینیوە شینبوونەوەی تەرمەکەیان دوای یەک کاتژمێر لە مردنی بۆ هەنگاو پشتڕاست کردووەتەوە.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «تەرمی سیاوەش ڕۆژی شەممە ڕەوانەی پزیشکی دادی کرماشان کراوە و پزیشکی داد ڕۆژی یەکشەممە هۆکاری مەرگی سیاوەشی جەڵتەی دڵ بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە سیاوەش هیچ جۆرە نەخۆشییەکی دڵی نەبووە و ئێمە وەکوو بنەماڵەکەی لە سەر ئەو بڕوایەین لە پێش لە ئازاد کردنی لە بەندیخانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەرزی لێ دراوە».
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، دوای ئەوەی بنەماڵەی بەهرامی بە نیسبەت وەڵامی پزیشکی داد ناڕەزایەتییان دەربڕیوە ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیانیان لێکردووە و پێیانیان ڕاگەیاندووە کە مافتان نیە لە سەر ئەم پرسە بۆ هیچ کەس و میدیایەک قسە بکەن.
ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی سیاوەش بەهرامی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی جۆزەردان لە گوندی سەرابی قەڵا زەنجیر سەر بە شاری داڵاهۆ بەڕێوە چووە.
سیاوەش بەهرامی پەیڕەوی ئایینی یارسان و دانیشتووی گەڕەکی دەرە درێژی کرماشان، مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو کاتێک ویستوویەتی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات لە سنووری نەوسوود لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە و هەتا ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ کە ئازاد کراوە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری پاوە بەندکراوە.
جێگای ئاماژەیە کە سیاوەش بەهرامی پێشتر بۆ ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕابووەوە بۆ شاری کرماشان.
هەواڵی دەستبەسەرکرانی سیاوەش بەهرامی و ڕاگیرانی لە بەندیخانەی پاوە هەتا ئێستا میدیایی نەکراوەتەوە.