سیاوەش حەیاتی چالاکی ناسراوی یارسانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا

دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نۆیەمین ساڵیادی خۆسووتاندنی سێ کەس لە چالاکان و پەیڕەوانی ئایینی یاری لە شاری سەحنە، ژمارەیەک لە چالاکانی پەیڕەوی ئە

١٥ جۆزەردان ٢٧٢٢، ٢١:١٨

 

هەنگاو: یەکشەممە ١٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نۆیەمین ساڵیادی خۆسووتاندنی سێ کەس لە چالاکان و پەیڕەوانی ئایینی یاری لە شاری سەحنە، ژمارەیەک لە چالاکانی پەیڕەوی ئەو ئایینە دەستبەسەر کران کە یەکێکیان سیاوەش حەیاتی چالاکی ناسراوی یارسان و وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی یارسانە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە چەند کەس لە چالاکانی یارسان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کراون، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی سیاوەش حەیاتی بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە. هەنگاو زانیویەتی سیاوەش حەیاتی دوای ٤ کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر هاووڵاتییەکانی دیکە لەبەردەستدا نییە.

سیاوەش حەیاتی ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێکدا لە سەر گۆڕی نیکموراد تاهیری لەسەر مافی نەتەوەیی و ئایینی یارسانەکان و پەراوێزخرانیان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە پەیامێکی خوێندەوە.

ناوبراو ئەندامی ڕێبەری بەرەی یەکگرتووی کوردە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە لە مانگەکانی جۆزەردان و پووشپەڕی ساڵی ٢٧١٣ (کۆتایی بەهار و سەرەتای هاوینی ٢٠١٣) لە پاش ئەوەی بەرپرسانی بەندیخانەی هەمەدان، سمێڵی یەکێک لە پەیڕەوانی ئایینی یارسانیان سووتاندبوو، چەندین هاووڵاتیی یارسانی لە بەرامبەر بینای فەرمانداریی هەمەدان و بینای پەرلەمانی ئێران لە تاران خۆیان سووتان کە سێ کەس لەوان بە ناوەکانی حەسەن ڕەزەوی، نیکمەرد تاهیری و محەممەد قەنبەری بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست دا.

حکومەتی ئێران بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی مافی مەدەنی و سیاسی کە بە شێوەی فەرمی پێی پەیوەست بووە، دەبێت ئازادی هێما پیرۆزەکانی ئایینە جیاوازەکان بپارێزێت. بەڵام هەر لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، هەموو کات شوناسی ئایینی و نەتەوەییی یارسانەکان، حاشای لێ کراوە و پێشێل کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە