ئەشکەنجەی چالاکێکی ژینگەپارێزی کورد لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی مەریوان

ئیرەج ڕەحیم زادە تەمەن ٤٤ ساڵ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی گوندی " ڕوار " سەر بە سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان کە دوو حەفتە پێش دەستبەسەر کراوە

٢١ جۆزەردان ٢٧٢٢، ١٨:٢٣

 

هەنگاو: شەممە ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

ئیرەج ڕەحیم زادە تەمەن ٤٤ ساڵ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی گوندی " ڕوار " سەر بە سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان کە دوو حەفتە پێش دەستبەسەر کراوە، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بە سەختی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجە کراوە.


هەنگاو زانیویەتی کە ئیرەج ڕەحیم زادە لە ڕۆژانی ڕابردوودا پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و دوای ئەوەی ڕایگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بە سەختی ئەشکەنجە کراوە پەیوەندییەکەی پچڕاوە و ئەمەش نیگەرانی زۆری لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ڕەحیم زادە لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: «سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ڕەحیم زادە، هەتا ئێستا نەمانتوانیوە کە چاومان بە ئیرەج بکەوێت و هێشتا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەشە».

ئیرەج ڕەحیم زادە ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ دوای ئەوەی کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە بەرگەیەکی دادوەریی پێ نیشان بدرێت دەستبەسەر کرا.

هەنگاو زانیویەتی کە هێزە ئەمنییەکان سەرەڕای دەستبەسەرکردنی ئەم چالاکە ژینگەپارێزە ماڵەکەشیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر مۆبایل و هەندێک کەلوپەلی تایبەتی ناوبراودا گرتووە.

جێگای ئاماژەیە کە ئیرەج ڕەحیم زادە مانگی ڕەشەممەی ٢٧١٨ جارێکی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و مانگی ڕەشەممەی ٢٧١٨ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر حوسێن سەعیدی بە تۆمەتی "هاوکاری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان" (پژاک) سزای ٩١ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

ئیرەج ڕەحیم زادە تەمەن ٤٤ ساڵ، خێزاندار و باوکی منداڵێکی ١١ ساڵانە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە