کەیوان ڕەشۆزادە بەندکراوی سیاسی کورد مانی لە خواردن گرتووە

کەیوان ڕەشۆزادە بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە کە پێشتر سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە،

٢٤ جۆزەردان ٢٧٢٢، ١٤:٢٦

 

هەنگاو: سێشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

کەیوان ڕەشۆزادە بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە کە پێشتر سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە، لە ڕۆژی دووشەممە٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٢وە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نەدانی مافی مرەخەسی و ڕێگری کردنی بەرپرسانی بەندیخانە لەو داوایە، مانی لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیەوە وتی: "ڕۆژی ڕابردوو و دوای ئەوەی کەیوان ڕەشۆزادە بەندکراوی سیاسی کورد مانی لە خواردن گرتووە، ئەو بەندکراوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە گوازراوەتەوە و چارەنووسی نادیارە".

کەیوان ڕەشۆزادە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٧١٩ هاوڕێ لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئورمیە بە ناوەکانی ئومێد سەعیدی، کامران قاسمی، عەبدولعەزیز محەممەد پوور و نایب حاجی پوور لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گوازرانەوە.

ئەم پێنج کەسە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٢٠ لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر "شەیخلوو" بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات لەڕێگەی "ئەندامەتی لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران" هەر کامەیان سزای ١٠ ساڵ و ١ ڕۆژ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

جێگای ئاماژەیە کە سزای ئەم پێنج کەسە دواتر دوای ئەوەی ماددەی ٤٤٢ی ئایینامەی دادڕەسی تاوانەکان لەپێش چاو گیرا بۆیان بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە و ئەو پێنج کەسە بێ مافی مرەخەسی هەتا ئێستا لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراون و ماوەی سزاکەیان تێپەڕ دەکەن.

پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە کەیوان ڕەشۆزادە خێزاندارە و لە کاتی دەستبەسەر کران تەنیا ٣ مانگ بووە کە ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە