پێنج مامۆستای دەستبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە بۆ سنە گوازراونەتەوە
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٧ی جۆزەردان، نزیکەی ٣٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکانی پێنج مامۆستای دەستبەسەرکراو
هەنگاو: شەممە ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٢
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٧ی جۆزەردان، نزیکەی ٣٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکانی پێنج مامۆستای دەستبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە لە پێش بینای فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە کۆبوونەتەوە و داوای ئازادی ڕۆڵەکانیان کردووە.
سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ئەو بنەماڵانە بە وتنەوەی دروشم و هەروەها بەرزکردنەوەی پارچە نووسراوە خوازیاری ئازادی خێرا و بێ مەرجی ڕۆڵەکانیان بوون. هێزە ئەمنییەکان بەو بنەماڵانەیان وتووە کە ڕۆڵەکانتان بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە گوازراونەتەوە و لە دیواندەرە نەماون.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان پێنج کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی دیواندەرە بە ناوەکانی ئومێد شامحەممەدی، عوسمان ڕەزایی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە بەبێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.
هەنگاو زانیویەتی کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم پێنج کەسە و وێڕای لێدان و بێ ڕێزی کردن پێیان ماڵەکانیانیان پشکنیوە و تەنانەت لە ژنی دوو کەس لەو مامۆستایانەیان داوە.