ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی خەڵکی ئیلام

هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی کارزان سەر بە شاری ئیلام بە ناوی کوروش هەواسی نزیکەی دوو مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراو.

٢٩ جۆزەردان ٢٧٢٢، ١٥:٤٧


هەنگاو: یەکشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی کارزان سەر بە شاری ئیلام بە ناوی کوروش هەواسی نزیکەی دوو مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بە بێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەستبەسەریان کردووە. دەستبەسەرکرانی کوروش هەواسی یەک حەوتوو دوای ئازادی کاتیی ناوبراو لە دەستبەسەرگە ئەنجام دراوە.

جێگای ئاماژەیە کە کوروش هەواسی پێشتر بۆ ماوەی ٥ ساڵ لە هەرێمی کوردستان ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) بووە. ناوبراو مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە مەبەستی چوون بۆ ئەورووپا لە ڕێگای قاچاخچییانەوە براوەتە سەردەشت هەتا لەوێوە لەڕێگەی سنووری ئورمیە بیبەنە تورکیا بەڵام لە سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

هەنگاو زانیویەتی کە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە کاتی دەستبەسەرکردنی کوروش هەواسی بە مەبەستی نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێ تەقەی ئاسمانییان کردووە و سەرباری تێپەڕینی دوو مانگ بە سەر دەستبەسەرکرانی ناوبراودا و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی نادیارە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە