١٠ مامۆستای دەستبەسەرکراوی سەقزی مانیان لە خواردن گرتووە
دە مامۆستای دەستبەسەرکراوی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی خالید عەبدوڵڵاهی، سولەیمان عەبدی، ئەحمەد قادری، تاهیر حامیدی، زاهید مورادی، د.حیسام خاکپوور، حەسەن ڕەحیمی
هەنگاو: یەکشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٢
دە مامۆستای دەستبەسەرکراوی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی خالید عەبدوڵڵاهی، سولەیمان عەبدی، ئەحمەد قادری، تاهیر حامیدی، زاهید مورادی، د.حیسام خاکپوور، حەسەن ڕەحیمیان، ئیسماعیل ڕێحانی، ئامانج ئەمینی و موحسین شکووهی لە کاتژمێر ١٢ی نیمەڕۆی یەکشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ وە لە ناو بەندیخانەی ناوەندیی سەقز مانیان لە خواردن گرتووە.
هەنگاو زانیویەتی کە ئەم ١٠ مامۆستایە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە درێژەی ڕاگرتنی نا یاساییان لە بەندیخانە و کارشکێنی ناوەندە ئەمنییەکان لە بارەی دۆسیەکەیانەوە مانیان لە خواردن گرتووە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، ژمارەیەک لە مامۆستایان و چالاکانی مەدەنی ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردووەتەوە کە بۆ هەنگاو نێردراوە و تێیدا وێڕای شەرمەزارکردنی دەستبەسەرکرانی نایاسایی ئەم مامۆستایانە، ڕایانگەیاندووە کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە درێژەی دەستبەسەرکردنی نایاسایی ئەو مامۆستایانە ڕۆژی چوارشەممە لەپێش فەرمانداریی سەقز کۆ دەبنەوە. لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا داوا لە هەموو چین و توێژەکانی شاری سەقز کراوە کە بەشداریی ئەو گردبوونەوە بکەن.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم ٢١ مامۆستای قوتابخانەکانی سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ١١ کەسیان ئازاد بوون و ١٠ کەسیان هێشتا لە بەندیخانەن.