دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی بەساڵاچووی خەڵکی بۆکان
١٠ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ١٦:٤٢
هەنگاو: هەینی ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٢
هاووڵاتییەکی تەمەن ٦٩ ساڵی خەڵکی گوندی قەرەگۆل سەر بە شاری بۆکان و دانیشتووی مەهاباد بە ناوی سولەیمان سالک ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەنگاو، سولەیمان سالک لە خاڵێکی پشکنینی جادەی نێوان مەهاباد و پیرانشار و بە بێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر کراوە.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکرانی سولەیمان سالک و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
سەرەڕای تێپەڕینی چوار ڕۆژ لە دەستبەسەر کردنی سولەیمان سالک و سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو نادیارە.