سنوور تامارا بەندکراوی سیاسی کورد بەر لێبوردن کەوت و لە بەندیخانە ئازاد کرا
سنوور تامارا بەندکراوی سیاسی خەڵکی کوردستانی تورکیا کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١٠ ساڵ و ١ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، ڕۆژی
هەنگاو: شەممە ١ی گەلاوێژەی ٢٧٢٢
سنوور تامارا بەندکراوی سیاسی خەڵکی کوردستانی تورکیا کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١٠ ساڵ و ١ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ (٢١ی جولای ٢٠٢٢) دوای تێپەڕاندنی ٢٢ مانگ لە ماوەی سزای بەندکرانەکەی بەر لێبوردن کەوت و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.
هەنگاو زانیویەتی کە سنوور تامارا دوای ئازادبوونی ئێستا لە ماڵ هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیەیە.
سنوور تامارا خەڵکی کوردستانی تورکیا پاییزی ٢٧٢٠ (٢٠٢٠) لە یەکێک لە گوندە سنوورییەکانی ئورمیە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر و دوای ٦ مانگ دەستبەسەرکران لە دەستبەسەرگەی پادگانی ئەلمەهدی ئورمیە و ئەشکەنجەیەکی زۆری جەستەیی و دەروونی مانگی ڕەشەممەی هەمان ساڵ (مارسی ٢٠٢١) بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.
دانیشتنی دادگای بە مەبەستی تاووتوێکردنی ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ سنوور تامارا ڕۆژی چوارشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (٢٣ی جوونی ٢٠٢١) بە شێوەی ئەلیکترۆنی و بەبێ هەبوونی مافی پارێزەر بەڕێوە چوو و ناوبراو بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان سزای ١٠ ساڵ و ١ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپا.
ئەو سزایە ڕۆژی شەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (٣ی جولای) لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.