سێ مامۆستای دەستبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە ئازاد کران
سێ کەس لە مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی شاری دیواندەرە بە ناوەکانی مەحیەدین کەریمیان، ئەسعەد عەلەوی و کوروش بابامورادی کە ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٦
هەنگاو: چوارشەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٢
سێ کەس لە مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی شاری دیواندەرە بە ناوەکانی مەحیەدین کەریمیان، ئەسعەد عەلەوی و کوروش بابامورادی کە ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٦ی جولای ٢٠٢٢) لە کاتی بەشداری لە کۆبوونەوەی مامۆستایان لە پێش فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری دیواندەرە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئینتزامییەوە دەستبەسەر کرابوون، هەمان ڕۆژ و دوای چەندین کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراون.
ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە لە دوای بانگهێشتی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی دیواندەرە کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە پێش بینای فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری دیواندەرە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نیسبەت درێژەی دەستبەسەرکرانی چوار مامۆستای خەڵکی دیواندەرە و چەندین داواکاری دیکەی مامۆستایانی بەڕێوە چوو.
هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر کۆبوونەوەکە و بێ ڕێزیان بە مامۆستایان کردووە.
چوار مامۆستای خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی ئومێد شامحەممەدی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ (١٥ی ژوئەنی ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.
ئەم چوار مامۆستایە ئێستا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون و لەلایەن ئەم ناوەندە ئەمنییەوە بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکومەت تۆمەتبار کراون.