کوژران و بریندار بوونی پێنج کۆڵبەر لە سنووری بانە
هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری سەرتەزێنی شاری بانە کاتژمێر ٣ی ئیوارەی چوارشەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٧ی جولای ٢٠٢٢) تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە
هەنگاو؛ چوارشەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٢
هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری سەرتەزێنی شاری بانە کاتژمێر ٣ی ئێوارەی چوارشەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٧ی جولای ٢٠٢٢) تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامی ئەو دەستڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی شێرکۆ چاوشینی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی ورچەکی بانە کوژرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو شێرکۆ چاوشینی خێزاندار و باوکی منداڵێکە.
سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە لە ئاکامی ئەو دەستڕێژەدا ٤ کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی بێهزاد ئەمینی خەڵکی مەریوان، محەممەد خەڵکی سەقز، رزگار خەڵکی بانە و دانا شەعبانی خەڵکی بانە لاقیان بە سەختی بریندار بووە.
یەکێک لە کۆڵبەرەکان لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: "ئەم پێنج کۆڵبەرە سەرجەمیان لەلایەن یەکێک لە فەرماندەکانی هەنگی سنووری بە نازناوی (قوچانی) داونەتە بەر دەستڕێژ و بوونەتە قوربانی".
هەنگاو زانیویەتی کە هێزە چەکدارەکان بۆ ماوەی چەند کاتژمێر ڕێگرییان کردووە لە چوونی ئەمبوڵانس بۆ شوێنی تەقە کردنەکە.
سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ئەم چوار کۆڵبەرە لاقیان پێکراوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی شاری بانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.