فەردین مەولوودی بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا

فەردین مەولوودی تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی سنە کە پاییزی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و بە تۆمەتی» فیلم هەڵگرتن لە شوێنە سەربازی و قەدەغە کراوەکان «سزای بە

٨ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١٨:٢٧


هەنگاو: شەممە ٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

فەردین مەولوودی تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی سنە کە پاییزی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و بە تۆمەتی "فیلم هەڵگرتن لە شوێنە سەربازی و قەدەغە کراوەکان" سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، ڕۆشی شەممە ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ (١٦ی جولای ٢٠٢٢) دوای تەواوبوونی سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فەردین مەولوودی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (١٤ی دیسەمبەری ٢٠٢١) دەستبەسەر و دواتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر حوسێن سەعیدی بە تۆمەتی دووپاتکردنەوە تاوان (فیلم هەڵگرتن لە شوێنە سەربازی و قەدەغە کراوەکان) سزای ٥ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و سزای ٣ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی پێشووتریشی خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

جێگای ئاماژەیە کە فەردین مەولوودی مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردووش هەر بەو تۆمەتە و لەلایەن هەمان دادگاوە سزای سێ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپابوو.

هەواڵی دەستبەسەرکران، سەپاندنی سزای بە سەر فەردین مەولوودی و هەروەها ئازادی ناوبراو لە بەندیخانە هەتا ئێستا میدیایی نەبووەتەوە و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وەکوو یەکەم سەرچاوە میدیایی دەکاتەوە.

هەنگاو زانیویەتی کە فەردین مەولوودی ماوەی ٥ مانگ سزای بەندکرانەکەی تێپەڕاندووە و دوو مانگیش لە ماوەی سێ ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕاندووە کە بە هۆی نەخۆشیی دیسکی کەمەر (ئینزلاق) و نامەی پزیشکی داد کە ڕایگەیاندبوو ناوبراو بە هۆی نەخۆشییەوە توانایی نییە لە بەندیخانە بمێنێتەوە، لە بەنەیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کراوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دادگای شۆڕشی سنە بە پشتبەستن بە بەڵگەی پزیشکی داد بڕیاری ئازادی فەردین مەولوودی لە بەرامبەر پێ بژاردنی بڕی ٢٠ ملیۆن تمەن پارە دەرکردووە.

فەردین مەولوودی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و ساڵی ٢٠٢٠ بە تۆمەتی هاوکاری کۆمەڵە سزای ٣ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە