گۆڕینی زۆرەملێی شوێنی خزمەتی یەکێکی لە چالاکانی پیشەیی و مامۆستایانی شاری سنە
لوقمان ئەفزەلی یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان_ لقی سنە و کەڵاتەرزان لەلایەن لیژنەی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی پا
هەنگاو: پێنجشەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٢
لوقمان ئەفزەلی یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان_ لقی سنە و کەڵاتەرزان لەلایەن لیژنەی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی پارێزگای سنە سزای دوورخرانەوەی زۆرملێ و گۆڕینی شوێنی خزمەتی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە شاری ئەردەبیل بەسەردا سەپا.
ئەم چالاکە پیشەییە لەلایەن لیژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی پارێزگای سنە بە چەندین تۆمەتی وەکوو؛ بێڕێزی و سووکایەتی بە بنەماکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی، بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی هێماگەلێک کە باس لە دیکتاتۆری لە کۆماری ئیسلامیدا دەکات و تێکدانی بیروڕای گشتی لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی بابەت لە شوێنی نیشتەجێ بوون و هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سزای دوورخرانەوەی دوو ساڵ بۆ شاری ئەردەبێل بە سەریدا سەپاوە.
جێگای ئاماژەیە کە لوقمان ئەفزەلی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (٢٧ی فێبریوەری ٢٠٢٢) و بەپێی نامەیەکی فەرمی کە بۆی چووبوو، بانگ کرایە لیژنەی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی پارێزگای سنە.
هەنگاو زانیویەتی کە ئەم سزایە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژ بە فەرمی بە لوقمان ئەفزەلی ڕاگەیەندراوە و ئەم سزایە دەکرێت تانەی لێ بدرێت و بەدواداچوونی بۆ بکرێت.