ڕاپۆرتێک لە سەر نایب عەسکەری بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ئورمیە

نایب عەسکەری بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی ئورمیە لە حاڵێکدا ئازاری گورچیلە و گەدەی هەیە بۆ ماوەی ١٥ مانگە بێ ئەوەی دۆسیەکەی یەکلاییی بێتەوە لە بە

١٨ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١٠:٥٩


هەنگاو: سێشەممە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

نایب عەسکەری بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی ئورمیە لە حاڵێکدا ئازاری گورچیلە و گەدەی هەیە بۆ ماوەی ١٥ مانگە بێ ئەوەی دۆسیەکەی یەکلاییی بێتەوە لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نایب عەسکەری تەمەن ٤٥ ساڵ گورچیلەکانی بەردیان هەیە و سەرباری ئەوەش ئازاری گەدەی هەیە و دوو مانگ پێش بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ لە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی بەندیخانە خەوێندرابوو و بە تیشک بەردەکانی گورچیلەی شکێنداربوو. بەڵام گورچیلەی ناوبراو بەردسازە و بەهۆی ئەوەی ئاوی خواردنەوەی بەندیخانەی ئورمیە باش نییە، نەخۆشییەکەی سەری هەڵداوەتەوە و ئێستا بە بە دەستی ئازاری گورچیلە دەناڵێنێت و لە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.

نایب عەسکەری پێشتر لە هەرێمی کوردستان ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە و وەرگرتنی ئەماننامە لە سوپای پاسداران، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ (٢٤ی مارسی ٢٠٢١) خۆی بە ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە ناساندووە. ناوبراو ناوبراو پێنج ڕۆژ پێشتر و هاوکات لەگەڵ دوایین ڕۆژی ساڵی ٢٧٢٠ لەگەڵ ژن و منداڵەکانی گەڕابوویەوە زێدەکەی خۆی.


هەنگاو زانیویەتی کە سوپای پاسداران ئەماننامەکەی بە نووسراوە ڕادەستی بنەماڵەی عەسکەری نەکردووە و تەنیا بە شێوەی زارەکی و لەڕێگەی خزمێکیانەوە ئەو کارەی کردووە و تەنانەت لە کاتی چوونەوەی نایب و بنەماڵەکەی بۆ ئورمیە ئەوان ئاگادار بوون. بەڵام ئێستا ڕایانگەیاندووە کە ئێمە ئەماننامەمان نەداوە.

نایب عەسکەری دوای سێ مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە و لە کاتێکدا بە سەختی ئەشکەنجە کرابوو، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەوکاتەوە لە مافی مرەخەسی بێبەشە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوەندە ئەمنییەکان نایب عەسکەرییان بە» موحاریبە «لە ڕێگای ئەندامەتی لە پژاک تۆمەتبار کردووە، بەڵام هەتا ئێستا دانیشتنی دادگای ناوبراو بەڕێوەنەچووە و هەروا بێ ئەوەی دۆسیەکەی یەکلایی بێتەوە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە.

جێگای ئاماژەیە کە بایب عەسکەری لە کاتی دەستبەسەرکران، ژنەکەی دووگیان بووە و لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بێبەشکرانی لە خزمەتگوزاری پزیشکی و هەروەها یەکلایی نەبوونی دۆسیەکەی مانی لە خواردن گرتووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە