دەستبەسەرکرانی حەوتەمین هاووڵاتی لە مەهاباد
هەنگاو: سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٢
هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی مەهاباد بە ناوی لوقمان بەهرامی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بەمەش ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەو شارە بۆ ٧ کەس بەرز بووەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لە گوندی قەرەقشڵاخ و هاووڵاتییەکیان بە لوقمان بەهرامی تەمەن ٢٧ ساڵ بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کردووە.
هەنگاو زانیویەتی کە هێزە ئەمنییەکان وێڕای دەستبەسەرکردنی لوقمان بەهرامی ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر مۆبایلەکەیدا گرتووە.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەر کران و ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە خراونەتە پاڵ لوقمان بەهرامی لە بەر دەستدا نییە.
جێگای ئاماژەیە کە لوقمان بەهرامی خێزاندار و باوکی منداڵێکە.
هاوکات پێنج کەسی دیکەی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی جەلال مەحموودی خەڵکی گۆگ تەپە، شەهرام بایزیدی ئازەر، ئەمیر بایزیدی ئازەر، کامبیز بایزیدی ئازەر و چیا پیرزاد هەر چواریان خەڵکی گوندی لەج لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.,
ڕۆژی شەممەش هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی مەهاباد بە ناوی ناسر ئەحمەدزادە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە.