دەستبەسەرکرانی یوونس تەنهایی هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد
هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی گوندی حەمزە ئاوای مەهاباد بە ناوی یوونس تەنهایی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لەلایەن هێزە
هەنگاو: چوارشەممە ٢٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٢
هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی گوندی حەمزە ئاوای مەهاباد بە ناوی یوونس تەنهایی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و چارەنووسی نادیارە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بێ پیشاندانی بەرگەی دادوەری هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی یوونس تەنهایی و وێڕای دەستبەسەرکردنی ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کران و ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە خراونەتە پاڵ یوونس تەنهایی و هەروەها شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەوبارەوە بێ ئاکام ماوەتەوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە لانی کەم ٨ هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون و هەتا ئێستا هیچ پەیوەندییەکیان بە بنەماڵەکانیانەوە نەبووە.