سێ دەستبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ بە بارمتە ئازاد کران
سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی سینگان سەر بە شاری شنۆ بە ناوەکانی یەعقووب مەحموودی ئازەر، پیرۆت تابناک و فەرهەنگ کەرامەت (ئالانی) کە مانگی پێشوو لەلایەن هێزە ئەمنییەک
هەنگاو: هەینی ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٢
سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی سینگان سەر بە شاری شنۆ بە ناوەکانی یەعقووب مەحموودی ئازەر، پیرۆت تابناک و فەرهەنگ کەرامەت (ئالانی) کە مانگی پێشوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ئازاد کران.
هەنگاو زانیویەتی کە یەعقووب مەحموودی ئازەر بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی، پیرۆت تابناک بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی و فەرهەنگ کەرامەت بە بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کراون و هەر سێیان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکومەت تۆمەتبار کراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم سێ کەسە لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بوون لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.
یەعقووب مەحموودی ئازەر ڕۆژی دووشەممە ٦ی پووشپەڕ و پیرۆت تابناک ٤٢ ساڵە و فەرهەنگ کەرامەت ٢٧ ساڵە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی پووشپەڕ (١٣ی جولای) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ پیشاندانی بەرگەی دادوەری دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گوازرانەوە.