شەهاب میهەنخا بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا

شەهاب میهەنخا بەندکراوی سیاسی خەڵکی میراوای شنۆ دوای تێپەڕکردنی یەک لە سەر سێی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ئازاد کرا.

٢٩ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ٠٥:١٧


هەنگاو: شەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

شەهاب میهەنخا بەندکراوی سیاسی خەڵکی میراوای شنۆ دوای تێپەڕکردنی یەک لە سەر سێی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ئازاد کرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەهاب میهەنخا ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧١٨ (١٣ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و ڕۆژی شەممە ١٧ی سەرماوەزی هەمان ساڵ و دوای ١١٧ ڕۆژ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

هەنگاو زانیویەتی شەهاب میهەنخا ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ئیتلاعاتی ئورمیە لە ژێر ئەشکەنجە و ئازار بووە و دوای ئەوە بۆ بەندیخانەی شنۆ گوازراوەتەوە. ناوبراو لە ماوەی نزیک بە ٤ مانگەی لە دەستبەسەرگە بووە لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافی دیتنی بنەماڵەی بێبەش بووە.

شەهاب میهەنخا زستانی هەمان ساڵ لەلایەن لقی ١٠١ دادگای تاوانەکانی شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر مەهدی ڕەزایی بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە دوای ملکەچ بونوی بڕیاری دادوەر بۆ ٣ ساڵ و ٦ مانگ کەم کرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (٣١ی جەنیوەری ٢٠٢١) دوای بانگکران بۆ ئیدارەی جێبەجێکردنی سزاکانی نەغەدە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئەم شارە گوازرایەوە.

شەهاب میهەنخا مانگی ڕەزبەری ٢٧٢١ و دوای ٨ مانگ مانەوە لە بەندیخانەی نەغەدە بۆ بەندیخانەی شنۆ گوازرایەوە و تا کاتی ئازادی لە بەندیخانەی شنۆ ڕاگیرا.


شایانی باسە میهەنخا لە کاتی بەندکرانیدا تەنیا دوو جار مافی مەرەخەسی پێ دراوە و ٦ جار داواکاری ناوبراو بۆ ئازادی بە مەرج ڕەد کراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە