جەماڵ عەلەوی هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد دەستبەسەر کرا
هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی کۆسە کەرێز سەر بە شاری مەهاباد بە ناوی جەماڵ عەلەوی تەمەن ٣٧ ساڵ بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانا
هەنگاو: سێشەممە ١ی خەرمانانی ٢٧٢٢
هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی کۆسە کەرێز سەر بە شاری مەهاباد بە ناوی جەماڵ عەلەوی تەمەن ٣٧ ساڵ بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کاتژمێر ٥ی بەیانی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی جەماڵ عەلەوی و بەبێ پیشاندانی بەرگەی دادوەری دەستبەسەریان کردووە.
هەنگاو زانیویەتی کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات وێڕای پشکنی ماڵی جەماڵ عەلەوی دەستیان بە سەر مۆبایلەکەیدا گرتووە.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ جەماڵ عەلەوی و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەر دەستدا نییە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی گەلاوێژی ٢٧٢٢ دا، لانی کەم ٥٣ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.