جەمشید حەمیدی بەندکراوی سیاسی کورد بە پاوەنی ئەلیکترۆنی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کرا

مەلا جەمشیدی حەمیدی بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ دوای تێپەڕاندنی یەک لەسەر سێی سزای بەندکرانەکەی و قبووڵکرانی داواکارییەکەی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ش

٢ خەرمانان ٢٧٢٢، ٠٩:١٨


هەنگاو: چوارشەممە ٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢

مەلا جەمشیدی حەمیدی بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ دوای تێپەڕاندنی یەک لەسەر سێی سزای بەندکرانەکەی و قبووڵکرانی داواکارییەکەی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی شنۆ، ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) بە پاوەنی ئەلیکترۆنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

جەمشید حەمیدی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی گوندی شاوانە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە و دوای سێ مانگ دەستبەسەرکران لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە و لێپرسینەوە و ئەشکەنجە لەلایەن هێزەکانی ئەو ناوەندە ئەمنییەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ گوازرایەوە.

ناوبراو دواجار ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (٣٠ی ژانویەی ٢٠٢١) دوای نزیکەی چوار مانگ دەستبەسەرکران و بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، بە بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ئازاد کرا.

جەمشید حەمیدی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر مەهدی ڕەزایی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی سزای ٥ ساڵ بەندکران و ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا.

سزای پێنج ساڵ بەندکرانی جەمشید حەمیدی دوای ملکەچبوونی بۆ بڕیاری دادوەر بۆ ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە و ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (٥ی مەی ٢٠٢١) دوای بانگ کران بۆ ژووری جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای نەغەدە دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

جەمشید حەمیدی دوای ٨ مانگ ڕاگیران لە بەندیخانەی نەغەدە بێ مافی مرەخەسی، پاییزی هەمان ساڵ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ گوازرایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە