ژن کوژی لە کۆتۆل، ژنێک بە دەستی برا و ئامۆزاکانی کوژرا
ژنێکی گەنجی خەڵکی شارۆچکەی کۆتۆل سەر بە شاری خۆی لە پارێزگای ئورمیە بە ناوی ئایسەل دوومانی تەمەن ٢٨ ساڵ بە پاساوی نامووس و شەرەف لەلایەن براک
هەنگاو: یەکشەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧٢٢
ژنێکی گەنجی خەڵکی شارۆچکەی کۆتۆل سەر بە شاری خۆی لە پارێزگای ئورمیە بە ناوی ئایسەل دوومانی تەمەن ٢٨ ساڵ بە پاساوی نامووس و شەرەف لەلایەن براکەی و دوو ئامۆزای خۆیەوە کوژرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئایسەل دوومانی کە خەڵکی گوندی گڕناویک و دایکی دوو منداڵە، ڕۆژی شەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لەلایەن براکەی و دوو ئامۆزای خۆیەوە دراوەتە بەر لێدان و ئەشکەنجە و هەر بۆیەش گیانی لەدەست داوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: "ئایسەل دوومانی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن هاوژینەکەیەوە دراوەتە بەر ئازار و ئەشکەنجە و لیدان و کوتان و هەر کات ئایسەل گەڕاوەتەوە بۆ ماڵی باوک و دایکی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بێ ڕێزی پێکراوە و ناچار کراوە کە بگەڕێتەوە لای هاوژینەکەی".
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند "ئایسەل دوومانی دوایین جار کە لەلایەن هاوژینەکەیەوە لێی داوە و گەڕاوەتەوە ماڵی باوک و دایکی و لەلایەن خزم و کەس و کاری خۆیەوە بێ ڕێزی پێکراوە و تەنانەت لێی دراوە و لە ماڵ هەڵاتووە و دواجار ڕۆژی ڕابردوو بە بیانووی پەیوەندی لەگەڵ کەسێکی دیکە کوشتوویانە".
جێگای ئاماژەیە کە ئایسەل دوومانی دایکی کوڕێکی ٦ مانگە و کچێکی ٢ ساڵانە و تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی ئورمیە کراوە.