سێ هاووڵاتیی خەڵکی بانە نزیکەی دوو مانگە دەستبەسەر کراون
سێ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی بانە بە ناوەکانی ئارام ساڵحپوور تەمەن ٢٦ ساڵ، محەممەد مەحموودزادە تەمەن ٢٦ ساڵ و مەهدی نەورۆزی تەمە
هەنگاو: چوارشەممە ٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢
سێ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی بانە بە ناوەکانی ئارام ساڵحپوور تەمەن ٢٦ ساڵ، محەممەد مەحموودزادە تەمەن ٢٦ ساڵ و مەهدی نەورۆزی تەمەن ٣١ ساڵ کە لە کۆتایی مانگی پووشپەڕ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانەوە دەستبەسەرکرابوون، دوای تێپەڕبوونی ٥١ ڕۆژ هێشتا لەدەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا ڕاگیراون.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم سێ هاووڵاتییە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگ لە دەستبەسەر کران، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها دیتنی بنەماڵە بێبەش کراون و لەم ماوەیەدا تەنیا یەک جار پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنییان بە بنەماڵەکانیانەوە هەبووە.
ئەم سێ هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ (١١ی جولای ٢٠٢٢) هاوڕێ لەگەڵ پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بانە بە ناوەکانی هادی مەحموودی، ڕەحمان ساڵحپوور، محەممەد قەوسی، زانا مێهری و جەعفەر زەریفی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە دەستبەسەر کران کە ئەم پێنج کەسەیان دواتر بە بارمتە ئازاد کران.
هەنگاو زانیویەتی کە ئەم هاووڵاتییانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکومەت تۆمەتبار کراون.