دوو چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کران

دوو چالاکی مەدەنی و ئەندامی کەمپەینی خێرخوازی ژیانەوەی کوردستان لە سنە بە ناوەکانی عەلی ئەڵڵاوەیسی و مەرزیە مورادوەیسی دوای بانگکران بۆ لقی ج

١٠ خەرمانان ٢٧٢٢، ٠٧:٣٠


هەنگاو: پێنجشەممە ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢
دوو چالاکی مەدەنی و ئەندامی کەمپەینی خێرخوازی ژیانەوەی کوردستان لە سنە بە ناوەکانی عەلی ئەڵڵاوەیسی و مەرزیە مورادوەیسی دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای شۆڕشی سنە دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای پێنج مانگ بەندکرانیان ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەرزیە مورادوەیسی ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٣١ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) و عەلی ئەڵڵاوەیسی ئەمڕۆ ١٠ی خەرمان دەستبەسەر کراوە.

فەردین ڕەحیمی یەکێکی دیکە لە ئەندامانی ئەم کەمپەینە ڕۆژی سێشەممەی هەفتەی ڕابردوو ١ی خەرمانان (٢٣ی ئاگۆست) دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای شۆڕشی سنە دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرابوو.

مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ حەوت کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی خێرخوازانەی ژیانەوەی کوردستان بە ناوەکانی عەلی ئەڵڵاوەیسی، فەردین ڕەحیمی، عەتا ڕەزاڕوبابی، قانێع خاتری، مەرزیە مورادوەیسی، سیروان عەبدوڵڵاهی و مەهدی سەیفی لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر حوسێن سەعیدی بە تۆمەتی» هاوکاری حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران «و» پێکهێنانی گرووپی نایاسایی «سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

بەپێی ئەو سزایە، عەتا ڕەزاڕوبابی سزای ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێرردراو و ٦ کەسی دیکەیان هەر کامەیان سزای ٢ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

ئەم سزایە دواتر بۆ هەر یەک لە عەلی ئەڵڵاوەیسی، فەردین ڕەحیمی، مەرزیە مورادوەیسی، سیروان عەبدوڵڵاهی و مەهدی سەیفی لەلایەن لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بۆ ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو گۆڕدرا و نزیکەی دوو هەفتە پیش ئێستا لەرێگەی ئاگادارکردنەوەیەکەوە ئەو پێنج کەسە ئاگادار کرانەوە هەر کامەیان سزای پێنج مانگ بەندکرانی دیکە بە سزاکەیان زیاد کراوە.

ئەم حەفت چالاکە مەدەنییە مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە