ئەحمەدڕەزا حائێری بەندکراوی سیاسی پێشووی خەڵکی ئیلام سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا
ئەحمەدڕەزا حائێری بەندکراوی سیاسی پێشوو و یەکێک لە چالاکانی سیاسی خەڵکی ئیلام و دانیشتووی تاران، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن لقی ٢٥ی دادگای شۆڕشی تاران سزای
هەنگاو: شەممە ١٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢
ئەحمەدڕەزا حائێری بەندکراوی سیاسی پێشوو و یەکێک لە چالاکانی سیاسی خەڵکی ئیلام و دانیشتووی تاران، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن لقی ٢٥ی دادگای شۆڕشی تاران سزای ٤ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.
بەگوێرەی ئەو سزایە ئەحمەدڕەزا حائێری بە تۆمەتی کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامی تاوان دژ بە ئاسایشی نەتەوە سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی حکومەت سزای ٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە کە بەپێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزا ئیسلامییەکان (کۆکردنەوەی سزاکان) سزای زیاتر واتە ٣ ساڵ و ٨ مانگی جێبەجێ دەکرێت.
هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا کاتژمێر ٣: ٣٠ بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ (٢٧ی جوونی ٢٠٢٢) هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەحمەد ڕەزا حائێری و بە بێ پیشاندانی هەر جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەریان کرد و دواتر بۆ بەندی دوو ئەلفی بەندیخانەی ئێڤینی تاران ناسراو بە بەندی ئیتلاعاتی سوپا گواستوویانەتەوە و دواجار ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژ (٤ی ئاگۆست) و دوای ٣٨ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی یەک ملیاری بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەحمەد ڕەزا حائێری چالاکی سیاسی کورد پێشتریش دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە سزای ٦ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەردا سەپابوو کە هاوینی ساڵی ڕابردوو ئەو سزایە جێبەجێ کرا.