کوشتاری سیستەماتیکی کۆڵبەران، برینداربوونی ١٤ کۆڵبەر و دەستبەسەرکرانی سێ کۆڵبەر لە پێنج ڕۆژدا
لە درێژی کوشتاری سیستەماتیکی کۆڵبەرانی کورد لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، دوو کۆڵبەری دیکەی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی سوهەیب ڕاستخانە و سۆ
هەنگاو: دووشەممە ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٢
لە درێژی کوشتاری سیستەماتیکی کۆڵبەرانی کورد لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، دوو کۆڵبەری دیکەی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی سوهەیب ڕاستخانە و سۆران ئەیوازە بە تەقەی ئەو هێزانە بریندار کران و بەمەش لە ماوەی پێنج ڕۆژدا ١٤ کۆڵبەر بریندار کراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٤ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢)، لە ئاکامی دەستڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ژمارەیەک کۆڵبەر لە سنووری مەریوان دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی سوهەیب ڕاستخانە و سۆران ئەیوازە بە سەختی بریندار بوون و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە کراون.
هەروەها، کۆڵبەرێک بە ناوی حیسام قادرپەنا لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هەمان ڕۆژ دوو کۆڵبەری خەڵکی جوانڕۆ بە ناوەکانی سامان ڕەحیمی و عادڵ (نازناو نادیار) لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای مانگی سێپتەمبەرەوە (٥ ڕۆژ) لانی کەم ١٤ کۆڵبەر لە سنوورەکانی شارەکانی نەوسوود، بانە و سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بریندار کراون.