سەربازێکی کورد لەلایەن فەرماندەکەیەوە کوژرا

١٩ خەرمانان ٢٧٢٢، ١١:٠٣


هەنگاو: شەممە ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢

سەربازێکی کوردی خەڵکی سەڵماس بە ناوی موحەڕڕەم ئەشرەفی تەمەن ٢٢ ساڵ ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٢) ٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ (لەلایەن فەرماندەکەیەوە کوژرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، موحەڕڕەم ئەشرەفی سەربازی هێزی ئینتزامی بووە و لە یەکێک لە بنکە نیزامییەمانی شارۆچکەی چایپارەی ئورمیە سەرقاڵی تێپەڕاندنی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی بووە و لە کاتێکدا کوژراوە کە تەنیا ٤٠ ڕۆژی مابوو خزمەتە زۆرەملێی سەربازی خۆی تەواو بکات.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەشرەفی لەو بارەوە بە هەنگاوی وت: «فەرماندەی موحەڕڕەم لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بە هۆی کێشەی ئیتنیکی و مەزهەبییەوە چەند جار لەگەڵ موحەڕڕەم شەڕی کردووە و تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیشی لێکردووە».


ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە ناوەندە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ئەشرەفییان وتووە کە کوشتنی کوڕەکەیان بە ئەنقەست نەبووە و هەڕەشەیان لێیان کردووە کە ئەم بابەتە نابێت میدیایی بێتەوە.


جێگای ئاماژەیە کە موحەڕڕەم ئەشرەفی خەڵکی گوندی حەفتەوان سەر بە شاری سەڵماسە و ڕۆژی هەینی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمەکەی لەو گوندە بەڕێوە چووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە